سەرەتا / بیروڕا / ئارامگرتن و سوودەکانیی و چەند خاڵێکی گرنگ بۆ زیادکردنی

ئارامگرتن و سوودەکانیی و چەند خاڵێکی گرنگ بۆ زیادکردنی

ئارامگری واتە بەرگەی چاوەڕوانیی و دواخستن و نوشست و کۆسپ و ڕێگریی بگریت بەبێ هەڵچوون و بێزاربوون. هەروەها توانای کۆنترۆڵکردنی هەستەکان و پاڵنەرە دەروونییەکانتە و بەردەوامبووونە بە هێمنی لەکاتە سەختەکاندا. هەروەك ئاشکرایە ئارامگرتن بەئاسانی بەدەست نایەت و لەوانەیە لە ئێستادا قورستر بێت وەک لە ساڵانی پیشووتر.

 

لە جیهانی ئەمڕۆدا کە شتەکان زۆر بەپەلە ڕوودەدەن پێشکەوتنەکانی بواری تەکنۆلۆجیا  و پارەی بانکی ئامادە ڕێی بۆخۆشکردووین هەرشتێکمان بوێت یەکسەر بەدەستی بێنین و ئەزموونی بکەین و بە کرداری بەکاریبهێنین. چیتر پێویستمان بە ئارامگریی دەبێت؟ ئایا دەمانەوێت بگەین بە ئامانجەکانمان و پەیوەندییەکی سەرکەوتوومان هەبێت و لە ئاشتیدا بژین؟ بێگومان وەڵامەکەی “بەڵێ” یەکی بەرز دەبێت.

 

سوودەکانی ئارامگرتن

  1. پەستان کەمدەکاتەوە و دڵخۆشترت دەکات. کاتێک فێری ئارامگرتن دەبیت و خۆتی لێ ڕادەهێنیت، چیتر توڕە و خەمبار نابیت و هەڵناچیت. زیاتر کۆنترۆڵی هەستەکانت دەکەیت و لە حاڵێکی باشتردا و بە ئارامیی و لەسەرخۆیی مامەڵە لەگەڵ کاتە دژوارەکان دەکەیت. ئەمە وا دەکات ژیانێکی درێژترت هەبێت و دەتکات بە کەسێکی دڵخۆشتر و تەندروستتر.

 

  1. دەتوانیت بڕیارێکی باشتربدەیت. کاتێک لەسەرخۆیت، ئەوا پێشتر حاڵەتەکە هەڵدەسەنگێنیت و تێڕوانینی فراوانترت دەبێت و سوود و زیانەکان دەخەمڵێنیت. ئەگەری هەڵەی گەورە کەم دەبێتەوە، چونکە تۆ لە بڕیاردانی بەپەلە دوور دەکەویتەوە. دابینکردنی کاتێکی زیاتر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێویستی بە ئارامگریی و بیروڕا گۆڕینەوەیە.

 

  1. تێگەیشتن و هاوسۆزیی و بەزەییت زیاتر دەبیت. کاتیک ئارام دەگریت، زووتر لە خەڵک تێدەگەیت و هاوسۆز دەبیت لەگەڵیان. کەسانی لەسەرخۆ بە وردی و بە ووریاییەوە کاتە ناخۆشەکانیان تێدەپەڕێنن و دەزانن بۆ زاڵبوون بەسەر بەربەستەکاندا چی پێویستە، بۆیە لەخەڵک تێدەگەن. ئەنجامی ئەمەش ئەوەیە کە لەگەڵ هاوسەر و هاورێ و منداڵ و بەڕێوبەرەکەت پەیوەندییەکی سەرکەوتووت دەبێت.

 

  1. ئارامگرتن واتلێدەکات لە پرۆسەی گەشەکردن و گەورەبوون تیبگەیت و نرخی بزانیت. وەک پێشتر باسمانکرد، هەر شتێکی گرنگ شایەنی ئەوەیە کاتی پێبدەیت و هەوڵی بەدەستهێنانی بدەیت. پەندێکی ئینگلیزی کۆنیش هەیە کە دەڵێت”ڕۆم لە یەک ڕۆژدا درووست نەبووە”، پلاندانان و گەشەکردن و هەڵسەنگاندن و خەمڵاندن هەمووی پێویستی بە کاتە و کاتیش پێویستی بە ئارامگرتنە.

 

چەند ئامۆژگارییەک بۆ زیادبوونی ئارامگرتن

  1. با رۆژیک ئارامگرتن ئامانجی تەواوی رۆژەکەت بێت. هەنگاوێکی بەرجەستە بنێ بۆ ئەوەی پشوو وەرگریت، بیر لە هەموو شتێکبکەرەوە کە دەیکەیت. وریابە و لە ئێستادا بژی. لە کۆتایی ڕۆژەکەتدا، تێبینی هەموو ئەو ڕێگایانە بکە کە وایلێکردیت بڕیارێکی باشتربدەیت و لەگەڵ دەورووبەرت باش هەڵسوکەوت بکەیت و بەڕاستی لە ڕووداوەکان تێبگەیت. ڕۆژانە ئەمە دووبارە بکەرەوە. زیادکردنی توانای ئارامگرتن زیاتر وەک وەرزشێکی جەستەیی وایە، چونکە پێویستی بە بەردەوامیی و هەوڵدانە.

 

  1. هەوڵبدە هێواشتربیت، ئەگەر تۆ کەسێکی حەزدەکەیت بەپەلە کارەکانت بکەیت و دەتەوێت دەستبەجێ ئیشەکانت بکەیت و ناتوانی چاوەڕێبکەیت شتەکان لەسەر ڕەوتی ئاسایی خۆیان ڕووبدەن، ئەوا “بوەستە”. چەند هەناسەیەکی قووڵ هەڵبکێشە پێش ئەوەی کارێک یان جووڵەیەک بکەیت. بۆ نموونە، ئەگەر لە ڕیزێکی دریژدا سەرەت گرتووە، یان کەوتوویتە ناو ترافیکێکی زۆر قەرەباڵەغەوە، بڕیاربدە ئارامبیتەوە و ئەوەندە هەستیار نەبیت. وەرزش بە ماسوولکەکانت بکە و گوێ لە ڕادیۆ بگرە و خٶشی لەو دیمەنە وەرگرە. بێئارامیت شتەکان خێراتر ناکات، بۆیە بۆچی لەخۆڕا هەڵبچیت؟

 

  1. پێویستییەکانت دوابخە. کاتێک دەتەوێت شیرینییەک بکڕیت و خواردنەوەیەک و جووتێک پێڵاو و …هتد، کەمێک بوەستە و یەکەم جار بیربکەرەوە بزانە ئایا بەڕاستی پێویستن. لەوانەیە ئەوەندە زۆر پیویستت پێیان نەبێت. بۆیە بە ئارامگریی دەتوانیت بڕێک پارە کۆبکەیتەوە خۆت لە خواردنی زیادە بەدووربگریت.

 

  1. هەوڵبدە خۆت رابهێنیت پێش قسەکردن بیربکەیتەوە. هەندێ جار قسەیەکت لە دەم دەردەچێت بەبێ ئەوەی پێشتر بیری لێبکەیتەوە و دەرئەنجامەکەی لێکبدەیتەوە. ئەگەر لەسەرخۆ بین، دەوەستین و بیرێکی لێدەکەینەوە. بەمەش لە ئازاردان و سووکایەتیکردن دووردەکەوینەوە.

 

هەندێک لەو حاڵەتانەی کە ئارامگرتن تێیدا پێویستە و مەرجە

گەیشتن بە ئامانجەکان

کێش دابەزاندن

منداڵ بەخێوکردن

بەهێزکردنی جەستە و وەرزشی ماسوولکە

شارەزابوون لە پیشەکەتدا

بوون بە یەکەمی وەرزشه‌وانەکان

بەهرەمەندبوون لە هەر بوارێکی تردا

چارەسەرکردنی هەر برین و نەخۆشییەک

لەکاتی ڕووداوی تراژیدیی و زیان لێکەوتندا

ئارامگرتن بێگومان تایبەتمەندییەکی بەنرخی لایەنی کەسایەتییە. لەوانەیە هەندێجار وەك ملکەچبوون دەرکەوێت، بەڵام ئەوە ئاکارێکی خودیی بەسوود و پێویست و بەمەبەستە. بەبێ ئارامگریی زۆر لە کارەکانمان بێبەرهەم دەبن و لەکۆتاییدا کاتێکی زۆر و ووزەیەکی زۆر خەرج دەکەین. بێگومان ئارامگرتن تایبەتمەندییەکی چاکە کە پێویستی بەکاتە.

 

وه‌رگێڕانى: بێخاڵ محمد

دەربارەی Bekhal M Faris

Graduated from university of Sulaimany , BA in English language.

ئەمەشببینە

كۆرسى پلان و پڕۆژه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان به‌سه‌ركه‌وتوى كۆتاى هات

كۆرس و سیمینارى تایبه‌تى پلان و پڕۆژه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستانه‌وه‌ له‌ ئۆفیسى سه‌ره‌كى …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *