سەرەتا / فێرکاری / به‌م شێوه‌یه‌ ئاشنابه‌ و گفتوگۆ بكه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانى بێگانه‌دا

به‌م شێوه‌یه‌ ئاشنابه‌ و گفتوگۆ بكه‌ له‌گه‌ڵ كه‌سانى بێگانه‌دا

قسه‌كردن له‌گه‌ڵ كه‌سانى بێگانه‌دا له‌ شوێنه‌ گشتیه‌كان بۆ هه‌ندێك كه‌س بابه‌تێكى نامۆیه‌، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ هه‌ندێك كه‌سى تر ماناى ئاشنابون و وه‌رگرتنى ئه‌زمونه‌. كیۆ ستارك، یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سانه‌ى هەمیشە هەوڵی ئاشنابوون دەدات لەگەڵ كه‌سانى نەناسیاو و بێگانەدا، چونكه‌ باوەڕی وایە قسه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ كه‌سانه‌دا شێوازی نوێمان فێردەن تا زیاتر ئاشناى جیهان ببین.

كیۆ پێنج ڕێچكەی نوێمان پیشان دەدات بۆ ئەوەی بتوانین گفتوگۆ لەگەڵ نەناسیاوێكدا دەست پێبكەین كه‌ بریتین له‌:

 

“سەیربكە و فێربە”

سه‌ره‌تا  تێنووسێك له‌گه‌ڵ خۆت هه‌ڵگره‌، پاشان بچۆره‌ شوێنێك كه‌ كه‌مترین ئه‌گه‌رى بینینى كه‌سانى ناسیاوت هه‌بێت تێیدا و بۆ ماوه‌ی كاتژمێرێك بمێنه‌ره‌وه‌، بۆنمونه‌ شوێنه‌ گشتیه‌كانى وه‌ك، شەمەندەفەر، پاس، یان هه‌ر شوێنێكى تر كه‌ شوێنى كۆبوونه‌وه‌ى كه‌سانى گه‌شتیار بێت. له‌ شوێنى مه‌به‌ست بێ جوڵە دابنیشە، ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانت بكوژێنەوە بۆ ئەوەی كەسی ناسیاو پەیوەندیت پێوە نەكات. دواتر سەیری دەوروبەرت بكە و كه‌شى ده‌وروبه‌رت هه‌ڵبسه‌نگێنه‌، پاشان له‌خۆت بپرسه‌، تایبەتمەندییەكانی ئەو شوێنەی تێیدایت چین؟ سوودیان چییە؟ ئایا خەڵكی چ شتێك لەوێدا دەكەن كە شوێنەكە بۆ ئەوە دروست نەكراوە؟ ئایا چ جۆرە خەڵكێك لەوێن؟ پاشان تێبینیه‌كانت بنوسه‌ لەسەر شێوه‌ و شێوەی پۆشاك و ئەو كارانەی كه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌وێن دەیكەن یاخود نایكەن؟ تێبینى بكه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌وێدان له‌گه‌ڵ یەكتری چۆن رەفتاردەكەن؟

تێبینى بكه‌ ئەگەر قەرەباڵغیەكی زۆر هەبوو، گرنگى تەنیا به‌ چەند كەسێك بده‌. ئەگەر چیرۆكێك لەداهێنانی خۆت دەربارەی ژیانی ئاسایی ئەو كەسانە هاتن بەمێشكتدا ئەوا دڵنیابەرەوە لەوەی وردەكاری بدەیتە چیرۆكەكەت بۆ ئەوەی پڕ زانیاری تر بێت بۆ چیرۆكەكەت. بۆ نمونە، ئەگەر گەیشتیت بەوەی كە بڵێیت كەسێك باوەڕی بەخۆی هەیە یاخود دەوڵەمەندە؟ بێ ماڵە یاخود شەرمنە؟ گەشتیارە یاخود لە گەڕەكەكەدا دەژی؟ چی وای لێكردیت بەو دەرئەنجامە بگەیت؟ شێوازی وەستانیان؟ پێستیان؟ پۆشاكەكانیان؟ بهێڵە مێشكت لەسەر خۆ تێبگات كە لەكوێیوە گەیشت بەم بڕیارانە؟

 

” سڵاو بكە”

پیاسەیەكبكە بە شوێنێك كە قەرەباڵغ بێت، وەك پاركێك كە ڕێگای هەمەجۆری هەبێت تاكو پیایاندا بڕۆیت یاخود بە قەراغ شەقامی شارێكدا. پێناسەیەكی ناوچەكە بكە: ئایا بەتەمایت بە دەوری گەڕەكێكدا بڕۆیت؟ لە دار بەڕووەكەوە ئەڕۆیت بەرەو كورسییە گشتییەكە؟ ناوچەیەكی گونجاو هەڵبژێرە تاكو پیایدا بڕۆیت لە پیاسەكەتدا، ئەمە لە پێنج بۆ دە خولەك زیاتر نابات. شوێنێك هەڵژێرە كە چڕییەكی گونجاوی هەیە بەڵام بەتەواوی قەرەباڵەغ نییە تا ڕادەیەك كە نەتوانیت پیایدا بڕۆیت. لەسەر خۆ پیادە بكە. مەبەست لەمە ئەوەیە كە سڵاو بكەیت لەهەموو ئەو كەسانەی كە بەلایاندا دەڕۆیت. هەموویان! هەوڵبە سەیری ناو چاویان بكە، بەڵام خەممەخۆ ئەگەر گوێیان لێتنەبوو یاخود پشتگوێیان خستیت. ئەمە بۆ گەرمكردنتە. ئەمە دووبارەی بكەرەوە، بەڵام ئەمجارە قسه‌ى وه‌كو: ئەو سەگەت زۆر جوانە. كڵاوەكەتم زۆر بەدڵە، یاخود كەشی ئەمڕۆ زۆر ساردە! بەكاربهێنە لەجیاتی سڵاوكردن. ئەم جۆرە بۆچون گۆڕینەوانە دەبنە هۆی ئەوەی كە نامۆیەتی لەنێوان خۆت و بەرامبەرەكەتدا نەهێڵن و ساتێك لە بۆشایی كۆمەڵایەتی دروستدەكەن.

وردبین بە لەبارەی جموجۆڵی ئەم جۆرە رەفتارە بچوكانە. رەفتارت كەمێك نامۆیە لە شوێنێكی گشتیدا، بۆیە ئاگاداری كاردانەوەی خەڵكانی دەوربەرت بە. لەوانەیە هەندێكیان ناڕەحەتبن، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمە لەگەڵ هەموو كەسێكدا دەكەیت بێ وەستان، ناڕەحەتییەكە بەڕێژەیەكی یەكجار كەم دەبێت. ئەی چی روودەدات كە سڵاو لەخەڵكی دەكەیت؟ ئایا زەردەخەنەیەك دێتە سەر لێویان؟ ئایا قاقا لێدەدەن؟ ئایا كەمێك دەپەشۆكێن؟ ئایا نارەحەت دیارن؟ ئایا لەگەڵ هاوەڵەكەیاندا باسی ئەوە دەكەن كە روویدا؟ ئەگەر هەراساو بوویت، ئەتوانیت هاوڕێیەكیشت لەگەڵ خۆتدا بەریت لە گەشتەكەتدا. هاوڕێكەت پێویست ناكات هیچ بە كەس بڵێت، ئەوان لەگەڵتن بەس بۆ ئەوەی هەست بە متمانەیی بكەیت.

 

“خۆت ون بكە”

ئەمە گەشتە یان كۆمەڵێك داواكاری یەك لەدوای یەكن كە تا یەت جه‌نجاڵ تر دەبێت بەدرێژایی بەردەوامبوونت لە گەشتەكەتدا ئەمەش ئەگەر دوانیت بەردەوام بیت. با پەڕاوێك و پێنووسێكت پێ بێت و مۆبایلەكەشت لابدە. یەكەم هەنگاو ئەوەیە كە بپرسی لەبارەی ئاراستەی شوێنێكەوە لەكەسێك، لێیان بپرسە كە نەخشەیەكت بۆ بكێشن لەسەر پەڕەكە. ئەگەر نەخشەكەیان بۆ كێشایت، داوای ژمارەی تەلەفۆنیان لێبكە بۆ ئەوەی بتوانیت پەیوەندیان پێوەبكەیت گەر ون بوویت. ئەگەر ژمارە مۆبایلەكەیان پێدایت، ئەوا پەیوەندیان پێوە بكە. ژمارەیەكی چاوەڕوان نەكراو لەخەڵك ژمارەی مۆبایلی خۆیان دەدەن لەم حاڵەتەدا. بەدرێژایی ئەم ساڵانە كە ئەم هەنگاوەم بەكارهێناوە لە پۆلەكانمدا، تەنها یەك خوێندكار پەیوەندییەكەی ئەنجامدا. پێی وتم “زیڕەمكرد لەوەی كە ئەو هەنگاوەی كۆتایی چەند ترسناك بوو، ئاخۆ چەند بۆشایی دەدەینە یەكتری لەم شارە جەنجاڵەدا”. هانتدەدەم بەوەی كە لێرەدا بێ ترس بیت”.

ئاگاداربە لە هەڵبژاردنی شوێنی دەستپێك و جێ مەبەستەكەتدا – لەوانەیە پێویست بكات كە چەند جارێك ئەمە دووبارە بكەیتەوە بۆ ئەوەی دەستپێك و جێ مەبەستێك بدۆزیتەوە كە كار بكات لەم حاڵەتەدا. نابێت جێ ئامانجەكەت زۆر ئاسان بێت تاكو پێی بگەیت، ئەگینا نەخشەكە پێویست نابێت، بەڵام نابێت ئەوەندەش ئاڵۆزبێت كە دۆزینەوەی گرانبێت. من ئەم ڕاهێنانەم نزیكەی دە ساڵ لەمەوپێش هێنایە كاراوە، بەدرێژایی كات بەجێهێنانی قورس بووە بەهۆی بەردەستبوونی مۆبایلی هۆشمەندەوە بەڕێژەیەكی وا زۆر.

 

“پرسیارێك بكە”

خەڵكی دەدوێن گەر هەلێكیان پێبده‌یت دەدوێن، گەر گوێیان لێبگریت. ئەم گەشتەیانت پێویستی بەوە هەیە كە پرسیارێكی تایبەتییان لێبكەیت كە زۆر ڕاستی و تایبەتی بێت. پرسیارێك كە راستەوخۆ بگاتە چەقی كەسایەتی بەرامبەرەكەت. پێویستە پرسارێكیش بێت كە پێویستی بە بەبیرهێنانەوە هەبێت. پێویستت بە شتێكە كە خەڵكی راستەوخۆ لەهەناویانەوە هەستی پێبكەن. هەڵبژاردەی من بریتییە لە “ئایا لەچی دەترسیت؟” هەنێك هەن دەڵێن (مشك) به‌شێكى تریان ده‌ڵێن (دوپشك) له‌وانه‌ی كه‌مێكیشیان بڵێن (جاڵجاڵۆكە) و خۆیان لە پەیوەندی هەستەوەرانە بەدوور دەخەن، بەڵام زۆرینە راستەوخۆ دەچنە ناخی دڵیانەوەو باس لە ترس لە مردن و سەرنەكەوتن و تەنیایی و لەدەستدان دەكەن – یاخود شتی وا باس دەكەن كە بەڕاستی سەرنج ڕاكێشن بۆ ئەوەی گوێیان لێبگریت و بەشداریت پێبكەن تیایاندا. خۆشت دەتوانیت

پرسیاری هاوشێوەی خۆت بەكاربهێنیت و زیاتر لە یەك پرسیار بەكار بهێنیت.

پێكهاتەكەی بەم شێوەیەیە: پشت دەبەستێتە سەر بەكارهێنانی ئامێرێكی تۆماركردنی دەنگ یاخود ڤیدیۆ (دەتوانیت مۆبایلە هۆشمەندەكەی خۆت بەكاربهێنیت) بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات كە لەلای بەرامبەرەكەت بە كەسێكی ئاسایی تر دەربكەویت و پرسیارەكەت وا لێبكات كە لەجێی خۆیدا بێت (وەكو چاوپێكەوتنێكی لێبكە). كامێراكە ڕێگە خۆشكەرە بۆ ئەوەی رێگە بە پرسیاركردنەكە بدات و یارمەتی كەسەكەش بدات زیاتر خۆی بكاتەوە لەكاتی پرسیار لێكردنەكەدا. خۆت بگەیەنە بە كەسێك كە پەلەی نییەو لێیان بپرسە كە ئاخۆ دەتوانیت پرسارێكیان لێبكەیت لەسەر كامێرا. هەندێك هەن كە رازین بە وەڵامدانەوەت، بەڵام نایانەوێت لەسەر كامێرا بێت، ئەمەش شتێكی ئاساییە و كێشەی تیانییە! مەبەست لەم كارە بریتییە لەوەی كە گفتوگۆكە دەست پێبكەیت نەك تۆماری بكەیت. ئەگەر ڕێگەیان دایت بە تۆماركردن، ئەوا دەستبكە بە تۆماركردن پێش ئەوەی پرسیارەكە بكەیت. پاشان بێدەنگ بە. ئەگەر لێیان پرسیت كە روون كردنەوە بدەیت، ئەوا روونی بكەرەوە بۆیان، بەڵام هیچ نموونەیەكیان پێمه‌ده‌ بۆ وەڵام. ئەگەر كەسەكە نارەحەت دیاربوو لەكاتی قسەكردندا، ئەتوانیت پرسیاری دواتر نەكەیت، بەڵام دەسبەجێ و خێرا مەبە. هەلێك بدە بە خەڵك تاكو بێدەنگییەكەیان پڕ بكەنەوە. زۆر جار جادووی ئەم گەشتە لەو كاتەدا روودەدات.

 

“سەر بە شوێنێك مەبە”

دوا گەشت دەتباتە شوێنێكی قوڵتر و چڕترەوە. مەترسیدارترینە لەڕووی هەست و سۆزەوە. شوێنێك هەڵبژێرە كە تیایا نەگونجاو دیاربیت، شوێنێك كە تۆ كەمینە بیت تیایدا بەشێوەیەك لە شێوەكان. ئەگەر تۆ كەسێكی كە زۆرینەی كاتت لە كەمینەدا بەسەر دەبەیت، ئەم ئەزموونە وەك ئاوی باران لات باو دەبێت، لەوانەیە كە پێویست نەكات ئەنجامی بدەیت. پێویستە بە شێوەیەكی سەرنجپێدراو نامۆ بیت بە شوێنەكە – لەرووی هەریەك لەمانەوە بێت جیاواز بیت: ڕەگەز، نەتەوە، نەژاد، تەمەن، توانا، ئەندامێتی، شێوە یاخود هەر جۆرێكی تری جیاوازی بێت. مەبەست لێرەدا بریتییە لەوەی كە بڕوانیت: ئایا خەڵكی چی دەكەن؟ ئایا كاردانەوەیان چۆنە بۆ بوونت لەوێدا؟ دەتوانیت خۆت بگونجێنیت و دەستبكەیت بە دوان لەگەڵ ئەوانەی دەوروبەرتدا بزانیت بەرەو كوێ دەڕوات. ئاگاداربە، وردبە، بزانە ئاخۆ تێدەگەیت لە گریمانە بچوكەكانی كە خەڵكی ئەو شوێنە لەبارەی دەوروبەریانەوە هەیە و ئاخۆ دەتوانیت خۆتیان پێوە بنوسێنیت و بگونجێنیت.

ئاشكرایە كە نابێت خۆت بخەیتە جێی مەترسییەوە، مەچۆرە شوێنێكەوە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێبكرێت پەلامار بدرێیت تیایدا. لەوانەیە ئاشنابیت بە ئەزموونێكی زۆر جوان و چاوكەرەوە. بەڵام ئامادەش بە كەوا ئەگەری كە هەست بە هەراسانییەكی زۆر بكەیت لەدوای ئەم گەشتەت. ئەگەر ئەمەش روویدا، ئەوا شتێكت ئەزموونكردووە كە زۆر گرنگە بۆ هاوسۆزی: هەستی خەڵكی چۆنە گەر مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت بەشێوەیەك كە هەست بە نابەخێرهاتوویی یاخود شاراوەیی بكەن. من حەز ناكەم ئەمەت بەسەردا رووبدات، بەڵام ئەگەر هەستت پێیانكرد، ئەوا هیوادارم كە شێوەی تێڕوانینت بۆ جیهان بگۆڕێت.

وه‌رگێڕانى: به‌ڵێن عه‌بدولكه‌ریم

دەربارەی Ahang Hussein

ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان، خاوه‌نى زیاتر له‌ پێنج ساڵ ئه‌زمون له‌ میدیا و مافى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاهێنانى توانا مرۆییه‌كان و گه‌نجان.

ئەمەشببینە

مه‌ڕاسیمى ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه‌ى نێوده‌وڵه‌تى لۆنگ لیڤ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو

ڕۆژى شه‌ممه‌ 19ى ئاب، مه‌ڕاسیمى ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه‌ى نیوده‌وڵه‌تى لۆنگ لیڤ كوردستا به‌ به‌شدارى هه‌زران گه‌نج …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *