سەرەتا / بیروڕا / زاڵبوون بەسەر ترس لە شکست

زاڵبوون بەسەر ترس لە شکست

بوون بەسەر ترس لەشکستدا گرنگە بۆ سەرکەوتن. بۆ زۆربەی پیاوان و ئافرەتانی سەرکەوتوو کە دەستکەوتی مەزنیان بەدەستهێناوە، شکست تەنها هەنگاوێکبووە بۆ سەرکەوتنی زیاتر.

کەسایەتی وەک وینستۆن چەرچڵ و هێنری فۆرد و تۆماس ئەدیسۆن لەوە تیگەشتوون کە شکستی ڕاستەقینە هەوڵنەدان و ترسانە. بەهەمان شێوە ئافرەتانی وەک ئیمیڵی دیکنسۆن و مێری کووری، لەسەرەتادا سەرکەوتوو نەبوون و بە کاتێکی زۆر قوورسدا تیپەڕین لەکاتی خەباتکردن لە پێناو خەونەکانیاندا.

بۆچی لە شکست دەترسین؟

چوونکە نازانین کە سەرکەوتن چۆن بەدەستدێت. هۆکارێک ئەوەیە کە زۆربەمان ئەوەندە زۆر سەرنجمان لەسەر سەرکەوتن و شێوەکەیەتی، بیرمان دەچێت کە چۆن بەدەست دێت و چ باجیک دەبێت بدەین. زۆبەمان شکست وەک بەشێک لە ژیان سەیر ناکەین و بیر لەوە ناکەینەوە کە چەندەها چیرۆکی سەرکەوتن لە شکستی تەواوەوە سەری هەڵداوە. کەس باسی ئەوە ناکات کە ئەبراهام لینکۆڵن چەند جار لە هەڵبژاردن شکستی هێنا هەتا لە کۆتاییدا بووە سەرۆکی ئەمریکا، یان چۆن بیڵ گەیتس وازی لە زانکۆی هارڤارد هێنا پێشئەوەی ببێتە هۆکاری ئەو هەموو داهێنانە لە دنیای کۆمپیتەردا، یان جۆن مایکڵ جۆردەن لە پێکهێنانی تیمێکی بالەی دواناوەندیدا سەرکەوتوو نەبوو پێش ئەوەی ببێتە یەکێک لە یاریزانە بەناوبەنگەکانی بالە. ئێستا لەم سەردەمەی ڕاگەیاندنەکان و هەواڵە بەپەلەکاندا، ئێمە تەنها لایەنە سەرنجڕاکێشەکەی سەرکەوتن دەبینین و نازانێن چ بەربەست و ڕێگرییەک دێتە بەردەم کەسانی سەرکەوتوو .

هەروەها پێشبینی دوور لە ڕاستیی دەکەین. زۆر جار چاوەڕوانی ئەوە ئەکەین کە لە یەکەم هەوڵماندا سەرکەوتوو بین، ئەگەر وانەبوو ئەوا ئەڵێین شکستمان هێناوە. ئایا ئەمە تا چەند لەگەڵ ڕاستیدا دەگونجێت؟ تەنها لەبەرئەوەی لە تاقیکردنەوەیەکدا شکستمان هێنا، یان پلەکەمان بەرز نەکرایەوە، یان وەڵامی “بەڵێ” مان وەرنەگرت لە کچێکەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە ئەگەیەنێت کە ئیتر هەرگیز تێیدا سەرکەوتوو نابین؟ نا، وانییە، بەڵام لەهەمان کاتدا ترسی ڕەتکردنەوە و شکست زۆر کەس لە دووبارە هەوڵدان دەوەستێنێت.

هەمان شت بەسەر پێشڕکێ وەرزشییەکاندا جێبەجی دەبێت وەرزشوانەکان پێویستە فێری شکست بن پێش ئەوەی چۆنێتی سەرکەوتنیان بۆ دەرکەوێت. لەهەر وەرزشێکدا پێشبینیکردنی بردنەوە لە سەرەتادا، زۆر لە ڕاستییەوە دوورە. شکست بەشێکە لە پرۆسەی فێربوونی سەرکەوتن.

مالکۆڵم گلادوێڵ لە کتێبەکەیدا بە ناوی ” ئاوت لایەرز” جارەهای جار باسی یاسای ١٠،٠٠٠ کاتژمێر دەکات. دەڵێت نهێنی سەرکەوتن لەهەر بوارێکدا، پێویستی بە نزیکەی دە هەزار کاتژمێر هەوڵدان و ڕاهێنان کردنە. بۆ نموونە دەڵێت “گرووپی ڕۆکی “زە بیتڵز” لە هامبۆرگ لە ئەڵمانیا نمایشیان کرد، بە تەنیا زیاتر لە ١،٢٠٠ جار لە ساڵانی ١٩٦٠- ١٩٦٤ ەوە. هەمووی بە نزیکەیی ماوەی ١٠،٠٠٠ کاتژمێری کارکردنە پێکەوە. هەروەها باسی “بیڵ گەیتس” یش دەکات کە پەیڕەوی ئەم یاسایەی کردووە. لەتەمەنی ١٣ ساڵییەوە زیاتر لە ١٠،٠٠٠ کاتژمێر خەریکی فێربوونی پرۆگرام دروستکردن بووە لەسەر کۆمپیتەری قوتابخانەکەی. بەو شێوە ئەویش سەرکەوتنی بەدەستهینا. بێگومان دە هەزار کاتژمێر هەوڵدان چەندەها ڕوودانی شکست و بێزاری و نەمانی ئامانج دەگرێتەوە.

هەندێکمان لە شکست دەترسین چونکە بڕوامان وایە دەبیت تەواو و بێخەوش بین. بۆیە ئەگەر هەوڵێک بدەین و دوایی شکستمان هێنا تێیدا، بە گەمژە دەردەکەوین و هەست بە ڕووخاوی دەکەین. ئەو کەسانەی پێیان وایە دەبێت کارەکانیان بیخەوش بێت لە هەموو ڕوویەکەوە، باوەڕیان وایە هەموو شتێ دەبێت لە ئاستێکی بەرزدا بێت و هیچ بوارێکی هەڵەکردن نییە. ئەگەر نەتوانن کارێک بە تەواوی و بە بێخەوشی ئەنجام بدەن، لایان باشترە کە هەر نەیکەن. بەداخەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوە، ئەو کەسانە لەفێربوونی ڕاستەقینە و سوود و بەهاکانی ئەزموونکردنی شتەکان بێبەش دەکات.

کەواتە چۆن بەسەر ترس لە شکستدا زاڵبین؟

تەنها بە زاڵبوون بەسەر ئەو ترسەدا ئەتوانین سەرکەوتن بەدەست بینین لە ژیاندا. ئەمانەی خوارەوە چەند ئامۆژگارییەکن بۆ بنەبڕکردنی ئەو ترسە و تیشکخستنە سەر سەرکەوتن:

١. لەوە تێبگە و پێشبینیشی بکە کە دەکرێت چەند جارێک شکست بخۆی. تێبگە کە تۆ مرۆڤی و مرۆڤەکانیش هەڵەدەکەن. پێش ئەوەی فێری ڕۆشتن بین، گاگۆڵکێمان دەکرد. هەستاینەوە، کەوتین، دیسان هەستاین و بەردەوام بووین هەتا شارەزای ڕۆشتن بووین.

٢. شکست وەک سووکایەتی وەرمەگرە. لە جیاتی ئەوە، وەک بەردەبازێک لێی بڕوانە بۆ گەیشتن بە ئامانج. لێیەوە فێربە و لە داهاتوودا سوودی لێوەرگرە. هەرگیز شکست وەک لاوازیی و خەوشی کەسایەتی سەیر مەکە. ئەگەر وا بکەی، ئەوا تەنها خۆت لە سەرکەوتنەکانی داهاتووت بێبەری دەکەیت.

٣. هیچکەس هەموو کات، یان لەوانەیە زۆربەی کات سەرکەوتوو نەبێت. بۆ نموونە، لە بەیسبۆڵدا یاریزانی ئەستێرە %٧٠ ی جارەکان شکست دێنێت. تێکڕای لێدانی تۆپەکان لای “بەیب رووس” %٦٦ بووە. تێکڕای نیشانە پێکانەنانی “واین گرێتزکی” لە هۆکی سەر سەهۆڵدا %١٧.٥٧ بووە لەماوەی پیشەکەیدا. واتە %٨٢.٤٣ ی لەدەستداوە. لە هیچ شتێکدا شکست ناهێنیت ئەگەر هەوڵ نەدەیت. هەروەها سەرکەوتووش نابیت.

٤. لەبیرت بێت شکست زۆر کەسی سەرکەوتووی درووستکردووە. بیر لەوە بکەرەوە کە چەند کەس لە مێژوودا پێش ئەوەی سەرکەوتوو بن شکستیان هێنا و سەرکەوتنیان هەر بەهۆی ئەو شکستەوە بوو. ئەلبێرت ئەنیشتاین، مامۆستاکەی پێی وت کە واز لە قوتابخانە بێنێت و وتی “ئةنیشتاین، تۆ هەرگیز نابی بە هیچ “. لودویگ ڤۆن بتهۆڤن، مامۆستای میوزیکی پێی ووتووەکە ” وەک ئاواز دانەرێک زۆر لێی بێهیوام”. هەروەها یەکەم دوو کۆمپانیای ئۆتۆمبیلی هێنری فۆرد شکستی هێنا.

٥. سوودەکانی شکست بەرز بنرخێنە. “ڕاڵف واڵدۆ ئێمرسن” وتوویەتی “ژیان هەمووی ئەزموونێکە”. هەتا ئەزموونی زیاترت هەبێت، باشترە”. بە مانایەکی تر، چانسی سەرکەوتن لە یەکەم هەوڵداندا زۆر کەمە. هە تا زیاتر هەوڵ بدەیت یان ئەزموونی شتەکان بکەیت، باشتر پێیدەگەیت.

٦. دەبێت باوەڕت بەخٶت هەبیت. لەکاتی بێ ئەنجامی هەوڵەکانت، لەجیاتی وازهێنان، بۆ هەلێک بگەڕێ بۆ زیاتر سووربوون و پێداگریی و پێداچوونەوەی بڕیارەکانت. باوەڕت بەخۆت هەبێت کە توانای بەرگەگرتنی بەربەست و کاتە سەختەکانت هەیە. وەبیر خۆت بێنەوە کە چەند کەسی شکست خواردوو سەرکەوتوو بوون بەهۆی ئەوەی وازیان نە‌هێنا.

سوودەکانی نەمانی ترسی لە شکست:

– ئەزموونی بە نرخ و زانیاریت دەس دەکەوێت و کەسایەتیت بەهێز دەبێت و سەرنجەکانت زیاتر دەبێت.

– ڕێگای زیاتر دەدۆزیتەوە بۆ ئەوەی داهێنان بکەیت و توانای چارەسەرکردنی کیشەکانت زیاتر دەبێت.

– هەلێکت پێدەدات بۆ پێداچوونەوەی ئامانجەکانت یان ئەگەر پێویستبوو ڕێگایەکی تر دەدۆزیتەوە بۆ گەیشتن پێی.

– توانای خۆ گونجاندنت زیاد دەبیت و مێشک کراوە دەبیت.

– متمانەت بەخۆت زۆرتر دەبێت و بەهای خۆت دەزانیت.
لۆتزو دەڵێت “شکست بناغە و ڕێگا و ئامرازی سەرکەوتنە “.

دەربارەی Bekhal M Faris

Graduated from university of Sulaimany , BA in English language.

ئەمەشببینە

كۆرسى پلان و پڕۆژه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان به‌سه‌ركه‌وتوى كۆتاى هات

كۆرس و سیمینارى تایبه‌تى پلان و پڕۆژه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستانه‌وه‌ له‌ ئۆفیسى سه‌ره‌كى …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *