سەرەتا / گرنگ / ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان پڕۆژه‌ى قه‌رزى پاره‌ى مانه‌وه‌ له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى ڕاگه‌یاند

ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان پڕۆژه‌ى قه‌رزى پاره‌ى مانه‌وه‌ له‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى ڕاگه‌یاند

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ى نیسان، ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ نوێنه‌رى شه‌ش هه‌زار خوێندكارى به‌شه‌ناوخۆیه‌كانى زانكۆى سلێمانى هه‌ستان به‌ ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه‌ى به‌ قه‌رزكردنى پاره‌ى وه‌رگیراو له‌برى مانه‌وه‌ له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا بێستون فایه‌ق، نوێنه‌رى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان هه‌ستا به‌ باسكردنى ناوه‌ڕۆكى پڕۆژه‌كه‌ كه‌ بریتیه‌ له‌ وه‌رگرتنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ی كه‌ له‌ خوێندكارانى به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان وه‌رده‌گیرێت به‌شێوه‌ى قه‌رز پاش ده‌رچونیان له‌ زانكۆ و بونیان به‌ خاوه‌نى كارى خۆیان و له‌ڕێگه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى فۆڕمێكه‌وه‌ كه‌ به‌ خوێندكار واژوو ده‌كرێت ناچار به‌دانه‌وه‌ى پاره‌كه‌ ده‌كرێت به‌شێوه‌ى قیست له‌دواى بوونى به‌ خاوه‌نى كارى خۆى.

ئاهه‌نگ حسێن، جێگرى به‌ڕێوه‌به‌رى به‌شى پڕۆژه‌كانى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ داڕێژه‌رانى پڕۆژه‌كه‌ به‌ پێگه‌ى فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى ڕاگه‌یاند “پڕۆژه‌كه‌ بیرۆكه‌ى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستانه‌، له‌لایه‌ن كه‌سانى پسپۆڕى په‌روه‌رده‌ى و یاساییه‌وه‌ داڕێژراوه‌ و به‌ وردى به‌دواداچوونى بۆ كراوه‌، به‌شێوه‌یه‌كه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌تى هه‌رێم و هه‌میش خوێندكاران سودمه‌ندده‌بن لێى”.

هاوكات بێلان عه‌بدوڵا، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان كه‌ خاوه‌نى بیرۆكه‌ى پڕۆژه‌كه‌یه‌ به‌ پێگه‌ى فه‌رمى ئه‌نجومه‌نى ڕاگه‌یاند “ئێمه‌ وه‌ك ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان ئه‌ركمان ته‌نیا ڕاگه‌یاندنى پڕۆژه‌كه‌ نییه‌، به‌ڵكو به‌و په‌ڕى تواناى خۆمانه‌وه‌ به‌دواداچوون بۆ سه‌ركه‌وتن و جێبه‌جێكردنیشى ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌رزى واقیع”.

وتیشى “یه‌كه‌م هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ هه‌ماهه‌نگى كردنمانه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ گشتى و وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا به‌ تایبه‌تى كه‌ لایه‌تى په‌یوه‌ندیدارى ئه‌م بابه‌ته‌ن”.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌ردار عومه‌ر، نوێنه‌رى خوێندكارانى به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى زانكۆى سلێمانى ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “ئێمه‌ وه‌ك نوێنه‌رى 6 هه‌زار خوێندكارى به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى زانكۆى سلێمانى سوپاسى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان ده‌كه‌ین كه‌ یارمه‌تییان داین، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌وپه‌ڕى تواناى خۆمانه‌وه‌ كارده‌كه‌ین بۆ سه‌ركه‌وتن و جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌”.

دەربارەی Ahang Hussein

ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان، خاوه‌نى زیاتر له‌ پێنج ساڵ ئه‌زمون له‌ میدیا و مافى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاهێنانى توانا مرۆییه‌كان و گه‌نجان.

ئەمەشببینە

كۆرسى پلان و پڕۆژه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان به‌سه‌ركه‌وتوى كۆتاى هات

كۆرس و سیمینارى تایبه‌تى پلان و پڕۆژه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستانه‌وه‌ له‌ ئۆفیسى سه‌ره‌كى …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *