سەرەتا / گرنگ / چیرۆكى سه‌ركه‌وتنى خانمه‌ پۆڵاینه‌كه‌ى عه‌ره‌ب

چیرۆكى سه‌ركه‌وتنى خانمه‌ پۆڵاینه‌كه‌ى عه‌ره‌ب

زۆرێك له‌ ئێمه‌ جا چ په‌یوه‌ستبین به‌ دونیاى ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ یاخود نا ناوى (ته‌وه‌كول كرمان)مان بیستووه‌، چونكه‌ ئه‌و ته‌نیا خانمه‌ ڕۆژنامه‌نوسێكى گه‌نجى سه‌ركه‌وتوو نیه‌، به‌ڵكو به‌هۆى هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى و كۆڵنه‌دانى چیرۆكى سه‌ركه‌وتنى نوسیوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و چیرۆكه‌ش بووه‌ به‌ نمونه‌ بۆ زۆرێك له‌ گه‌نجان.

كرمان ناوى ته‌واوی (ته‌وه‌كول عه‌بدوسه‌لام كرمانه‌) و چیرۆكى ژیانى له‌ ساڵى 1979 له‌ شارۆچكه‌یه‌كى سه‌ر به‌ پارێزگای (ته‌عز) له‌ وڵاتى یه‌مه‌ن ده‌ستى پێكردووه‌ كاتێك له‌ خێزانێكى چینى ناوه‌ڕاست هاتووه‌ته‌ دونیاوه‌، چونكه‌ باوكى كرمان “عه‌بدولسه‌لام كرمان” ڕۆشنبیر و سیاسه‌تمه‌داى وڵاتى یه‌مه‌نه‌، كرمان له‌ ته‌مه‌نێكى گه‌نجیدا چووه‌ته‌ ناو دونیاى ڕۆژنامه‌وانییه‌وه‌.

له‌ڕووى ژیانى تایبه‌تییه‌وه‌ كرمان هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ موحه‌مه‌د نایمى پارێزه‌ر و كه‌سایه‌تى دیارى یه‌مه‌نى كردووه‌، خاوه‌نى سێ منداڵه‌، جگه‌ له‌ زمانى دایكى كه‌ زمانى عه‌ره‌بییه‌ زمانه‌كانى ئینگلیزى و توركى و فه‌ڕه‌نسى به‌ باشى ده‌زانێت.

كرمان جگه‌ له‌ كارى ڕۆژنامه‌نوسى وه‌ك چالاكوانى بوارى مافه‌كانى مرۆڤ و سیاسه‌تمه‌دار له‌ گۆڕه‌پانى وڵاته‌كه‌یدا ڕۆڵى كاریگه‌رى هه‌یه‌، به‌هۆی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازادى و كه‌رامه‌ت بۆ هاونیشتیمانیه‌ یه‌مه‌نیه‌كانى نازناوى “دایكى شۆڕش” و “خانمى پۆڵاین”ى پێبه‌خشراوه‌، خاوه‌نى بیرۆكه‌ى دامه‌زاندنى ڕێكخراوى “ژنانى ڕۆژنامه‌نوس به‌بێ كۆت”ه‌.

كرمان به‌هۆی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى له‌بواری مافه‌كانى مرۆڤ و هه‌وڵدان بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئازادى له‌كاتى شۆڕشى یه‌مه‌ندا كه‌ به‌شێكبوو له‌به‌هاری عه‌ره‌بى بووبه‌ یه‌كێك له‌ده‌موچاوه‌ ناسراوه‌كانى نه‌ك ته‌نیا وڵاته‌كه‌ى به‌ڵكو بووبه‌ ناوێكى نێوده‌وڵه‌تیش، هه‌رئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كى پێدانى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتى بوو پێى له‌ساڵى 2011 دا، كه‌ به‌وه‌رگرتنى ئه‌م خه‌ڵاته‌ كرمان بوو به‌ یه‌كه‌مین خانمى یه‌مه‌نى و یه‌كه‌مین خانمى عه‌ره‌ب و دووه‌مین خانمه‌ موسوڵمان و گه‌نجترین كه‌س كه‌ ئه‌م خه‌ڵاته‌ وه‌ربگرێت.

كرمان له‌ ژیانیدا توانیویه‌تى چه‌ند بڕوانامه‌یه‌ك به‌ده‌ستبهێنێت كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌:

1. خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌ له‌ به‌شى بازرگانى زانكۆی سه‌نعا بۆ زانست و ته‌كنه‌لۆژیا.
2. بڕوانامه‌ی ماسته‌ری هه‌یه‌ له‌ بواری زانسته‌ سیاسیه‌كان له‌ زانكۆی سه‌نعا.
3. دكتۆرای فه‌خری له‌ زانكۆی ئه‌لبێرتا له‌كه‌نه‌دا له‌بواری یاسای نێوده‌وڵه‌تى پێبه‌خشراوه‌.

ئه‌م خانمه‌ له‌بوارى ڕاگه‌یاندن و مافه‌كانى مرۆڤ و سیاسه‌تدا چه‌ندین چالاكى هه‌یه‌ كه‌ گرنگترینیان بریتین له‌:
1. یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامه‌ چالاكه‌كانى حزبى”چاكسازى یه‌مه‌نى” كه‌ پارتێكى سیاسی چالاكى یه‌مه‌نه‌.
2. سه‌رۆكى گروپى “خانمه‌ ڕۆژنامه‌نوسانى بێ كۆته‌” كه‌ له‌ساڵى 2005دا دامه‌زراوه‌ و كرمان خاوه‌نى بیرۆكه‌كه‌ى و یه‌كێكبووه‌ له‌دامه‌زرێنه‌رانى.
3. به‌یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین چالاكوانه‌كانى بوارى مافه‌كانى مرۆڤ داده‌نرێت له‌جیهاندا و له‌م بواره‌دا خاوه‌نى چه‌ندین نوسراو و چالاكیه‌.
4. خاوه‌نى خه‌ڵاتى نۆبڵى ئاشتیه‌ بۆ ساڵى 2011.

كرمان ئێستا له‌ ته‌مه‌نى 37 ساڵیدایه‌ و له‌ ترۆپكى گه‌نجى خۆیدایه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ته‌نها ژماره‌یه‌ك نیه‌ وه‌ك ئه‌و ژمارانه‌ى كه‌ به‌ناوى گه‌نجانى جیهانه‌وه‌ تۆماركراوه‌، به‌ڵكو ناوێكه‌ كه‌ جیهان ده‌یناسێت.

ئێمه‌ش ده‌توانین وه‌ك كرمان له‌ هه‌نگاوێكى بچوكه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین و ببین به‌ نمونه‌یه‌كى گه‌وره‌ نه‌ك ته‌نها بۆ ده‌وروبه‌ر و نه‌ته‌وه‌كه‌مان به‌ڵكو بۆ جیهانیش، كه‌واته‌ با ئێمه‌ش ببینه‌ گه‌نجێكى سه‌ركرده‌ نه‌وك شوێنكه‌وته‌، با ببین به‌ كرمانى نه‌ته‌وه‌ى خۆمان.

وه‌رگێڕان و ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن

دەربارەی Ahang Hussein

ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى گه‌نجانى كوردستان، خاوه‌نى زیاتر له‌ پێنج ساڵ ئه‌زمون له‌ میدیا و مافى مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و ڕاهێنانى توانا مرۆییه‌كان و گه‌نجان.

ئەمەشببینە

بەردەوامی کارو پڕۆژەکانمان لە شاری هەڵەبجەی شەهید

بەردەوامی کارو پڕۆژەکانمان لە شاری هەڵەبجەی شەهید ڕیکخراوی ئەنجومەنی کوردستان هەستا بە هاوکاریکردن و سپۆنسەرکردنی …

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *